پەیمانگەی تەکنیکیی تایبەتی ئایندە

پەیمانگەی تەکنیکیی تایبەتی ئایندە                

دەروازەیەك بۆ یاسای دادبینى شارستانى

uyuy

د.هەڵمەت محمد اسعد

22/10/2020

 

یاسای دادبینی شارستانی (قانون المرافعات المدنیة) بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێسای یاسایی کە ڕێکخستنی دادوەری لە وڵات دیاری دەکات، هەروەها هەڵدەستێت بە دەستنیشان کردنی ڕێکارەکانی دادگایی کردن بەرامبەر بە دادگا شارستانییەکانی، وە سزاش دانراوە بۆ سەرپێچیکەران کە ئەمەش گرێنتییەکە بۆ ڕێزگرتن لەم یاسایە.
 
وەک ئاشکرایە یاسای دادبینی شارستانی عێڕاقی بە زمانی عەرەبی نووسراوەتەوە، وە ئێمەی کوردیش لە ڕابردوو دەبوایە پابەندبین بەو زمانەوە، بەڵام دوای ئازادبوونی کوردستان زۆربەی شتەکان مۆرکی کوردی بۆ گەڕاوەتەوە، وە خوێندنیش یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی کە لە زۆربەی قۆناغەکانی خوێندن بوو بە کوردی، هەروەها یاسای دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستان-عێڕاق ژمارە (23)ی ساڵی 2007 لە ماددەی (6) ئاماژە بەوە دەکات کە زمانی کوردی زمانی دادگاکانە، لەبەر ئەم هۆکارانە بە ئەرکی سەرشانمم زانی پەرتووکێك دابنێم بە زمانی کوردی بۆ شیکردنەوەی و باسکردنی ئەو یاسایانەی کە پەیوەندییان هەیە بە دادگاکانەوە بە تایبەتی یاسای دادبینی شارستانی عێڕاقی و یاسای دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستان-عێڕاق.
 
وە لە چاپی سێیەمی ئەم پەرتووکەمدا، هەوڵمان داوە باسی چەند بابەتێک بکەین بە شێوەیەکی ڕوونتر لەوانەش (دامەزراندنی دادوەران لە هەرێمی کوردستان-سکاڵاکردن لە دادوەران-پێڕاگەیاندن-وە تانەلێدان بۆ بەرژەوەندی یاسا) هەروەها هەستاین بە باس کردنی دادگا کارگێڕییەکان بە شێوەیەکی جودا و سەربەخۆ لەگەڵ دادگا شارستانییە ئاساییەکان، ئەمە سەرەڕای باسکردنی ئەو هەموارکردنەوانەی یاسای دادبینی شارستانی عێڕاقی بکەین کە ئەنجوومەنی  نیشتیمانی عێڕاقی هەستا بە هەموارکردنی بە پێی یاسای ژمارە (10) بۆ ساڵی 2016. هەروەها هەستاین بە وردبینی کردنی ئەم پەرتووکەمان لە ڕووی زمانەوانی و هەڵەی چاپەوە . هەروەها ئاماژەمان کرد بە چەندین بڕیاری دادگای پێداچوونوەی ‌هەرێمی کوردستان-عێڕاق، ئەمە سەرەڕای ڕەچاوکردنی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە:
 
1-شیکردنەوەی بابەتەکان بەشێوەیەک بێت کە بگونجێ لەگەڵ پڕۆگرامی ئەو کۆلێژ و بەشانەی کە یاسای دادبینی شارستانی تیادا دەخوێنرێت، وە هەوڵمداوە کورت و پوخت بێت و بشێت بۆ خوێندن وەکو پەرتووکی مەنهەجی.
 
2-دابەشکردن و باسکردنی  بابەتەکان بەشێوەیەک کە بگونجێت و ببێتە سەرچاوەیک بۆ ئەو کەسانەی لەم بوارە کاردەکەن لە دادوەران و پارێزەران و فەرمانبەرانی دادگاکان...هتد.
 
3-دەوڵەمەندکردنی ئەو بابەتانەی کە لە یاسای دادبینی شارستانی هاتووە بە بڕیارەکانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و دادگای پێداچوونەوەی عێڕاقی هەتاوەکو پردێک دروست بێت لە نێوان دەقە یاسا نووسراو و تیۆرییەکان وە لایەنی  پراکتیکی و کردارییدا.